ساڵیادی دامەزراندنی ئەو سوپایەیە کە چەندان تاوانی گەورەی دژی گەلی کورد کردووە

سوپای عێراق
سوپای عێراق

104 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی سوپای عێراقدا تێ ده‌په‌ڕێت؛ ئه‌م سوپایه‌ له‌وه‌ته‌ی دروست بووه‌، به‌شداریی چه‌ندان شه‌ڕی كردووه ‌و تاوانی گه‌وره‌ی له ‌دژی هه‌رێمی كوردستان کردووە. 

بەپێچەوانەی سوپای وڵاتانی جیهان، سوپای عێراق هیچ کاتێک نەیتوانیوە ببێتە سوپایەک گوزارشت لە ویستی تەواوی گەل بکات و ببێتە هۆکارێکیش بۆ سەقامگیریی وڵات. بەدرێژایی مێژووی عێراق، دەسەڵاتداران، سوپایان بۆ مەبەست و مەرامەکانی خۆیان بەکارهێناوە و زۆترین جار، بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسییەکان ناوخۆ، دەستێوەردانی کردووە؛  ئەمەش وایکردووە، هەمیشە سوپا بەشێک بێت لە کێشە و ناکۆکییەکان نەوەک چارەسەرکردنی کێشەکان.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و پێکهێنانەوەی سوپا، عێراقییەکان بە کورد، شیعە و سوننەوە لایان وابوو، ئیدی سوپا دەبێتە هۆکارێک بۆ یەکخستنی پێکهاتەکان و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی عەسکەرتارییەتی لەو وڵاتدا. بەڵام، هەر زوو دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق لە ساڵی 2012 دا، لە ڕێگەی جووڵاندنی سوپا هەوڵیان دا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یەکلایی بکەنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. هەروەها لە 2013 دا، بەبیانووی جیاجیا، سوپایان بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانی سوننەکان بەکارهێنا و لە ئەنجامدا چەندان کەس لە ناوچە سوننە نشینەکان کوژران و بریندار بوون.

ئەگەرچی بەپێی دەستووری عێراق، سوپا بۆی نییە دەستێوەردان لە کێشە سیاسییە نێوخۆییەکان بکات و دەبێت بێلایەن بێت، بەڵام ئەو سوپایەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کورد ڕۆڵێکی گەورەی لە بوونیادنانەوەیدا هەبوو، جارێکی دیکە  لە 16 ی ئۆکتۆبەری 2017،  بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا لە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا تێوەگلا و هێرشی کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و داگیری کرد؛ لە ئەنجامیشدا چەندان کەس کوژران و برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی بەهەزاران کەسیش لەو ناوچانە، لە ترسی تۆڵەکردنەوە، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.