ئۆکرانیا دوو گوندی ڕووسیای کۆنترۆڵ کرد

ڕۆژنامەی 'زە گاردیان'ـی بەریتانی، لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا نووسیویەتی، هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، ڕۆژی یەکشەممە 5 کانوونی دووەمی 2025، هێرشێکی لە ناکاویان کردە سەر ناوچەی کورسک.

گرتە ڤیدیۆیەک کاروانێکی زرێپۆشی ئۆکرانیا نیشان دەدات کە بەناو کێڵگەیەکی بەبەفر داپۆشراودا بەرەو گوندی سوڵداتسکۆی، باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری سودزای ڕووسیا دەچن، کە ئێستە لەژێر دەستی هێزەکانی ئۆکرانیادایە. 

بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکرانی، هەڵمەتێکی گەورە لەو ناوچەیەدا دەستی پێ کردووە، هەروا فەرماندە سەربازییە ڕووسەکان باسی شەڕێکی سەختیان لەو ناوچەیەدا کردووە. 

پێشتر، چەند ڕاپۆرتێکی نافەرمیی ڕایانگەیاند، کە هێزەکانی ئۆکرانیا چوونەتە نێو هەردوو گوندی بیردێن و نۆڤۆسوتنیتسکی ڕووسی.

هەروەها پسپۆڕانی تەقەمەنیی سەر بەهێزە ئۆکرانییەکان، زۆر بە خێرایی مینە چێنراوەکانیان لەو دوو گوندە هەڵگرتووەتەوە، هەروەها چەکی ئەلکترۆنیان بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ خستنەخوارەوەی درۆنە ڕووسییەکان بەکارهێناوە.

لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا چەندان شوێنی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵ کرد، هەروەها دەیان هەزار کەس کوژراون و ملیۆنانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی ئۆکرانیا بوون.