ناسرییە.. هۆڵی سینەما و شانۆکانی شارەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە داگیر کراون

شاری ناسرییە، ناوەندی پارێزگای زیقار، سەرباری ناوبانگە مێژووییەکەی لەبواری هونەردا ، ئێستە نەبوونی هۆڵی گونجاو بۆ پێشکەشکردنی کارە هونەرییەکان، بووەتە گەورەترین قەیران لە شارەکەدا.
هونەرمەندانی ناسرییە دەڵێن: "هۆڵەکانی سینەما و شانۆکانی ناسرییە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە داگیر کراون، ئەمانیش بۆ پێشکەشکردنی کارەکانیان، ناچارن هۆڵی قوتابخانەکان و باخچەکان بەکار بهێنن".
عەبدوڵڵا شەتری، شانۆکار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "کێشەی ئێمە نەبوونی جێگەیەکی گونجاوە بۆ پێشوازیی لە خەڵک و پێشکەشکردنی کارە هونەرییەکانمان، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەی بکەن، چونکە ناتوانیت بەبێ هونەر ئاماژە بۆ ڕۆڵە گەورەکەی ئەم شارە لەشارستانەیەتیی عێراق، بکەی."
ئەحمەد حەسان، شانۆکار دەڵێت: "بەداخەوە هونەر و ڕۆشنبیری لە ناسرییە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بۆ دواوە دەچێت، هیچ جێگەیەکی وامان نییە بتوانین کارە هونەرییەکانمان پێشکەش بکەین. ئەمەش مایەی نیگەرانییە بۆ هونەرمەندان."
سەرباری ئەوەی ناسرییە ناوەندیی چەندان داهێنان و کاری ناوازەیە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناوبانگیان هەیە؛ هونەرمەندان دەڵێن: "لەبەر نەبوونی شانۆ و سینەمای گونجاو، بۆ پێشکەشکردنی کارە هونەرییەکانیان پەنایان بۆ بەکارهێنانی هۆڵی قوتابخانەکان و باخچەکان بردووە ."
یاسر بەراک، دەرهێنەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو تا ساڵی هەشتاکان، ناسرییە بە سینەما بەناوبانگ بوو، چوار سینەمای گەورەی تێدا بوو، بەڵام ئێستا سینەماکان کراون بە نەخۆشخانە و گەراج."
ناوەندی پارێزگای زیقار بە نووسەر، هونەرمەند و شانۆکاران ناسراوە، بەڵام گەورەترین قەیران نەبوونی شوێنی گونجاوە بۆ پێشکەشکردنی کارە هونەرییەکانیان، شوێنێک کە شایەنی ناو و ناوبانگی هونەرمەندان بێت.
پەیامنێر/ حەیدەر حەنوون