شاندی دەم پارتی لەگەڵ فراکسیۆنی ئاک پارتی کۆ بووەوە

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ فراکسیۆنی ئاک پارتی (وێنە: AA)
کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ فراکسیۆنی ئاک پارتی (وێنە: AA)

شاندێکی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ فراکسیۆنی ئاک پارتی کۆ بووەوە. 

دووشەممە، 06-01-2025، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە، لەگەڵ ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە، کۆ بووەوە. دواتر، سەردانی پەرلەمانی تورکیایان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی کۆ بووەوە. 

شاندی دەم پارتی لە ئەحمەد تورک، سرری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێک هاتووە؛ تاوەکوو ئێستەش ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی ڕانەگەیاندووە.  

عیسا ئوزمەند، پەیامنێری کوردستان24 لە ئەنقەرە ڕایگەیاند "ئێستە شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەعادەت لە پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەدایە."

هاوکات، بڕیارە سبەینێ سێشەممە، 07-01-2025، شاندەکەی دەم پارتی سەردانی عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا و دواتریش سەردانی فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی یەنیدەن ڕەفا بکات. 

هەرچی لەبارەی جەهەپەشە، کاتی دیدارەکە دیار نییە و  ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەیاندا پرسی پێشوازیی لە شاندی دەم پارتی تاوتوێ دەکەن.  

ئەو شاندەی دەم پارتی پێشتر، ڕۆژی شەممە،  28ی کانوونی یەکەمی 2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پرۆسەیەکی دیکەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. 

لەو دیدارەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."