جۆو بایدن بڕیارێکی لە دژی ترەمپ دەرکرد

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی ئاوییەکانی وڵاتەکەی ڕاگرت، ئەم بڕیارەی بایدن بە ئاستەنگی دروستکردن لەبەردەم ئیدارەی ترەمپ دەزانرێت.
بایدن ئەمڕۆ دووشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2025، بڕیارە تازەکەی ڕایگەیاند و گوتی:" ئەم بڕیارە بە ڕاوێژ لەگەڵ ئاژانسی گۆڕانی کەشوهەوا دراوە، کە نزیکەی 2 ملیۆن 530 هەزار کیلۆمەتەر دووجا ڕووبەرە ئاوییەکانی ئەمەریکا دەگرێتەوە و تاوەکوو ساڵی 2030 پارێزگاری لە پاکی %30 ژینگەی ئەمەریکا دەکات.
جۆو بایدن ئەوەیش گوت:" ئەو نەوتەی دەڕژێتە نێو دەریاکانەوە لە کاتی دەرهێنانی نەوت، کاریگەری خراپی بۆ سەر ژینگەو و زیندەوەران و مرۆڤەکان دەبێت".
لەلای خۆشیەوە کۆشکی سپی بەشێوەیەکی ڕەخنەگرتن، ڕایگەیاندووە:" جۆو بایدن دەسەڵاتی بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمە ئاوەییەکان لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵاتی کەنداوی مەکسیک، بەشێک لە دەریایی بێرینگ لە ئالاسکا بەکار دێنێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەکە کە ئیدارەی بایدن لە کۆتا ڕۆژەکانی دەسەڵاتە.
ئەم بڕیارەی جۆو بایدن لە کاتێکدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، بەڵێنیدابوو پەرە بە بەرهەمهێنانی وەزە لە ئەمەریکادا بدات و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیاد بکات لە بری هاوردەکردن.