سبەی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆ دەبنەوە
پەیامنێری کوردستان24 نەورەس عەبدوڵڵا ڕایگەیاند: سبەی شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبنەوە.
سبەی سێشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2025، تایبەت بەئامادەکردنی نووسینەوەی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆ دەبنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شاندی تەکنیکی پارتی بە سەرۆکایەتی پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و لێژنەی تەکنیکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی رێواس فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەبێت.
وەک زانراوە، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ئامادەکردنی نووسینەوەی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، شاندی پارتی پێکدێت لە پشتیوان سادق و دلشاد شەهاب و ئومێد سەباح، شاندی یەکێتیش لە رێواس فایەق و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و ئامانج ڕەحیم.
17ـی کانوونی یەکەمی 2024ـیش شاندی پارتی کە پێکهاتبوو لە دڵشاد شەهاب، هۆشیار زێباری، ئومێد سەباح و پشتیوان سادق، هەروەها شاندی یەکێتیی لە هەر یەک لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت، ڕێواس فایەق، ئامانج ڕەحیم پێک هاتبوو، لەمەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام، دووەمین کۆبوونەوەی خۆیان دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ پکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
کۆبوونەوەکەی سبەیش، دەبێتە سێیەم کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە تێیدا پرسی نووسینەوەی بەرنامەی هاوبەش بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.