تەقەکەرەکانی بەردەم فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی بەستۆرە دەستگیرکران

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند، کە یەکێکیان ئەمڕۆ دووشەممە لە نێو فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی بەستۆرە تەقەی کردووە بەهۆیەوە دوو پۆلیس برینداربوون.

بە گوێرەی ڕوونکردنەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە ناوی (ط . ڕ . ت) کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، ئەمڕۆ دووشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2025، چووەتە نێو فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی، دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی، بەڵام لە گۆڕەپانی بەردەم بنکەی پۆلیس تۆمەتبارێکی دیکەی بە ناوی (ك .ط . ڕ) کە کوڕی تۆمەتبارە داواکراوەکەیە، دەستڕێژی لە پۆلیسی بنکەکە کردووە و بەهۆیەوە دوو پۆلیس بە سووکی برینداربوون.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەیداوە، دوای ڕووداوەکە هەردوو تۆمەتبارە دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تۆمەتباری سەرەکی بۆ وەرگرتنەوەی کارتی نیشتیمانی چووەتە فەرمانگەی بەستۆرە کە لەگەڵ بنکەی پۆلیس لەیەک شوێندان، دوای دەرکەوتنی ئەو تۆمەتبارە و فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، ئەویش پەیوەندی بە کوڕەکەیەوە کردووە بۆ ئەوەی بەدوای دا بچێت و ڕێگە نەدات دەستگیر بکرێت، دواتر کوڕەکەی لە گۆڕەپانی بەردەم بنکەکە دەستڕێژی لە پۆلیسی بنکەی بەستۆرە کردووە و بەهۆیەوە دوو پۆلیس بریندار بوون.

 
Fly Erbil Advertisment