دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمەریکا: عێراق خۆی بریندار دەکات بۆ ئەوەی زیان لە ئابووری کوردستان بدات
گوتەبێژی ئەپیکۆر: ئێمە پێویستمان بە گەرەنتی هەولێر و بەغدا هەیە
ڤینسێنت کامپۆس، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمەریکا لە عێراق دەڵێت: بەغدا خۆی بریندار دەکات تەنها بۆ ئەوەی زیان لە ئابووری کوردستان بدات، گوتەبێژی ئەپیکۆریش دەڵێت: کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر هەموو ئامادەییەکیان هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، بەڵام پێویستە ئەوان لەنێو کێشە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دوور بخرێنەوە و مافەکانیان بدەن.
دوو شەممە 6ـی کانوونی دووەمی 2025، لە باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، مایل کاکێنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان(ئەپیکور)گوتی: کاری لە پێشینەی ئێمە ئەوەیە، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا دەستپێبکاتەوە، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، پێویستە پێشوەختە ڕێککەوتنی نوێمان هەبێت لەگەڵ حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان،گوتیشی: ئێمە پێویستمان بە پارە و گرەنتی هەیە، دەبێت بزانین لەمەودوا ئەو پارەیە چۆن وەردەگرین، پێویستە گرەنتیەک لەلایەن سۆمۆ و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە ئێمە بدرێت.
کاکێنز ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی کێشەی سیاسییەوە، پارە و مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە نایێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەو ناکۆکییە سیاسییە ئێمەش تێوەگلاوین، لەگەڵ ئەوەی پێویستە ڕاستەوخۆ پارەکەمان پێبدرێت، ئێمە نامانەوێت چاوەڕیی هاتنی پارەی بەغدا بکەین.
کاکێنز گوتی: ئێمە دەمانەوێت لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، پارەکەمان پێ بدرێت، دوور بین لە کێشە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، گوتیشی: ئەپیکۆر داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکات لەسەر پرسی نەوت ڕێکبکەون.
گوتەبێژی ئەپیکۆر ئاشکرای کرد، نزیکەی دوو هەزار کارمەندیان لە هەرێمی کوردستان هەیە کە سەدا 80ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقن، دەڵێت: لە ئاداری 2023ـەوە فرۆشتنی ناوخۆیی نەوتمان دەستپێکردووە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دەستکەوتێکمان هەبێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هاوبەشیەکی هەیە لە فرۆشی ئەو نەوتەی بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان لەنێوان حکوومەتی هەریمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هەیە.
دواتر ڤینسێنت کامپۆس، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمەریکا لە عێراق و پسپۆری کاروباری وزەش گوتی: هەولێر و بەغدا پێویستە چارەسەرییەک بۆ ئەو کێشانە بدۆزنەوە کە لەنێوانیاندا هەیە، دەڵێت: کوردستانێکی بەهێزتر و سەقامگیرتر لەڕووی وزەوە، عێراق لەڕووی سەقامگیریی و ئابوورییەوە بەهێزتر دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق کاریگەریی هەبووە لەسەر ڕێگریکردن لە بەرەوپێشەوەچوونی ئابووری هەرێمی کوردستان و بواری وزە و هەناردەکردنەوەی نەوت، گوتی: نەدانی پارەکان بە ئەپیکۆر، وێنەی کێشەیەکی گەورەیە، دەشڵێت: ئەو وێنەیە نیشانی دەدات، بەغدا نایەوێت لە نزیکەوە لەگەڵ هەولێر کار بکات، لەگەڵ ئەوەی نەوت و وزە زۆر گرنگە بۆ بەهێزیی هەرێمی کوردستان.
ڤینسێنت کامپۆس دەڵێت: بەغدا ڕاوێژی خراپی پێدەگات لەلایەنی هەندێ لایەنی شیعیەوە، ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان تاران و بەغدا هەن، وایان کردووە هەرێمی کوردستان وەک هەڕەشەیەک ببینن بۆ سەر بەغدا، گوتی: حکوومەتی عێراق هاوکار نییە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، دەشڵێت: بەغدا بەمەبەست هەوڵ دەدات ڕێگریی لەوە بکات هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە بچێت، یاخود خۆیان بریندار دەکەن و زیان بەخۆیان دەگەیەنن تەنها بۆ ئەوەی بە زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنن.
ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق گوتی: بەغدا دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەولێردا بسەپێنێت، ئەوە تەواو نالۆژیکییە، ڕاگرتنی نەوتی کوردستان سوودی بۆ هیچ لایەنێک نییە، بەغدا پێی ئاساییە خەڵکی عێراق لە ئابووریەکی خراپدا بناڵێنێت، بەڵام ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکەن.
دەڵێت: پێویستە حکوومەتی ئەمەریکا ڕۆڵێکی زۆر گەورەتری هەبێت بۆ فشار کردن لەسەر محەممەد شیاع سوودانی و حکوومەتەکەی بۆ بەرەو پێسەوەچوونی پەیوەندییەکانیان.