بوومەلەرزەیەکی بەهێز چینی هەژاند و دەیان قوربانی هەیە

بوومەلەرزەیەکی بەهێز باشووری ڕۆژئاوای چینی هەژاند و بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان 53 کەس مردوون.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی چین (شینخوا) بڵاویکردووەتەوە، بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025، بوومەلەرزەیەکی بەهێزی 6.8 پلەی ڕێختەر، لە باشووری ڕۆژئاوای چین، ناوچەی تیبتی لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا و هەرێمی دێنگری هەژاندووە و بەهۆیەوە 53 کەس مردوون و 38 کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها ناوەندی تۆڕی بوومەلەرزەزانی چین ڕایگەیاندووە، بوومەلەرزەکە کاتژمێر 09:05 خولەکی بەیانی بە کاتی بێجینگ ڕوویداوە و چەقی بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 10 کیلۆمەتر ناخی زەوییەوە بووە لە نێوان هێڵی پانی 28.5 پلە باکوور و هێڵی درێژی 87.45 پلە ڕۆژهەڵات تۆمارکراوە.