بەهۆی بارانەوە لە چەند ناوچە و پارێزگایەکی عێراق کرایە پشوو

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، شەپۆلێکی باران چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی لە هەندێک ناوچە و پارێزگای دیوانییە ببێتە پشوو لە قوتابخانە و دامودەزگاکانی حکوومەت.

ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە بەهۆی بارانێکی زۆرەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، "بەهۆی بارانێکی زۆر لە سەرتاسەری پارێزگاکە، ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە بڕیاریدا ئەمڕۆ سێشەممە ببێتە پشووی فەرمی لە قوتابخانە و تەواوی دامودەزگاکانی حکوومەت".

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی بابل سەرپشک کراوە بۆ دواخستنی تاقیکردنەوەی زارەکی لە قوتابخانەکان بۆ سبەی چوارشەممە.

ماوەی 10 کاتژمێرە بارانبارین لە پارێزگاکانی بەغدا، بابل، دیوانییە، ڕومادی، دیالە، نەجەف، کەربەلا، واست، میسان، موسەنا و زیقار و بەسرە بەردەوامە.

پێشبینی دەکرێت بەهۆی کەشوهەواکەوە دەوامی فەرمی ڕابگیرێت، بەتایبەتی هیچ بڕیارێکی تایبەت لە ناوەندەوە لەوبارەوە نەدراوە، بەڵکو بابەتەکە بۆ قایمقامیەت و ئیدارە خۆجێیەکان و قەزاکان جێهێڵراوە، کە بەوهۆیەوە قەزای ئەبوغرێبیش بڕیاریدا دەوامی قوتابخانەکان ڕابگرێت.