شاندێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بەرنامەی کابینەی دەیەم ئامادە دەکەن

شاندی هاوبەشی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لە شاری هەولێر، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم کۆ دەبنەوە و بەرنامەی کابینەی دەیەم ئامادە دەکەن. 

کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، شاندی هاوبەشیی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە شاری هەولێر کۆ دەبنەوە. 

نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند "لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە دابەشکردنی پۆستەکان ناکرێت، بەڵکوو ئامانج لێی، ئامادەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەشیی پارتی و یەکێتییە بۆ کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."

شاندی پارتی لە پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح پێک دێت. ڕێواز فایەق، ئامانج ڕەحیم و دەرباز کۆسرەت رەسووڵیش ئەندامانی شاندی یەکێتین. 

 پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندە هاوبەشەکەی هەردوولا ئەرێنی و بەرهەمدار بێت، هەر ئەم هەفتەیە شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە و ئەگەر هەیە لەو کۆبوونەوەیەدا باسی دابەشکردنی پۆستەکانیش بکرێت. 

ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتییە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم. یەکەم کۆبوونەوە ڕۆژی 30ـ11-2024، لە سلێمانی و دووەمیشیان لە 17-12-2024 لە پیرمام بەڕێوە چوو.

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 20-10-2024 کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەست هێنا.