سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی دەچێتە تورکیا
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرە دەکات و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆ دەبێتەوە.
ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی کۆماریی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025، لە ئەنقەرە و لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازیی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
هەروەها ئاژانسی فەرمیی تورکیا، بڵاوی کردووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەگاتە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە کۆ دەبێتەوە؛ دواتر لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار، لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێشوازیی لێ دەکرێت.
چاوەڕێ دەکرێت ناوەڕۆکی دیدارەکان، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، پێشهاتەکانی سووریا و ئاییندەی ئەو وڵاتە لەگەڵ قۆناغی نوێی ئاشتی و چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا بێت.