گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی دیمەشق بۆ دەرەوەی وڵات دەستیان پێ کردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، یەکەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق بۆ دەرەوەی وڵات دەست پێ دەکات.

میدیاکان بڵاویان کردەوە، بۆ یەکەمجار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق گەشتە ئاسمانییەکانی دەستپێکردەوە، ئاماژەیان بەوەش کرد، یەکەم گەشتی فڕۆکەی 'هێڵی ئاسمانی سووریا' بەرەو شاریقەی ئیمارات بەڕێکەوت.

ئەوەش ڕاگەیەندراوە، ئەمڕۆ سێ گەشتی ئاسمانی دەستی پێ کردووە، هەروەها دوای چەندین ساڵ ئاسۆیەکی نوێ بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ جیهاندا کراوەتەوە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی سووریا ڕایانگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق کە گەورەترین فڕۆکەخانەی وڵاتەکەیە، لە ئەمڕۆوە گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەست پێ دەکاتەوە، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە مانگی ڕابردوودا ڕاگیرابوون.

سەرۆکی دەستەی گواستنەوەی فڕۆکەوانی مەدەنی و گواستنەوەی ئاسمانی، ئەشهەد سەلیبی، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانای ڕاگەیاندبوو  "دەستپێکردنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، لە 17-1-2025ەوە دەست پێدەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای گواستنەوەی نیشتمانیی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "هەفتانە سێ گەشت بۆ شاری دیمەشق دەکەن، ئەمەشیان بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەستنەوەی ناوچەکە زانیوە".

لە 18ی کانوونی یەکەمی 2024، دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخی سووریا یەکەم فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە بەرەو حەلەب بەڕێکەوت.