نرخی نەوت ھەڵكشا
بە پاڵپشتی پابەندی ئۆپێک نرخی نەوت بەرزبووەوە
K24 - ھەولێر
نرخی نەوت لە کۆتا مامەڵەکانی رۆژی رابردوویدا بەرزبووەوە، بەڵام بەهۆی مەترسییەکان لە بەردەوامی تەشەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری جیهان، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سنووردار بوو.
دوای ئەوەی ئێرک رۆزنگرین، سەرۆکی بانکی فیدراڵی لە بۆستن رایگەیاند، ئابووری ئەمەریکا پێویستی بە هاوکاری زیاتری دارایی و نەختینەیی هەیە، بازاڕی نەوت کاریگەر بوو و نەیتوانی لە ئاراستەی بەرزبوونەوەی بەردەوام بێت.
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ 42.19 دۆلار و بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساس بۆ 39.75 دۆلار بەرزبوونەوە.
هەروەها لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی لە 9% و نەوتی سووکی تێکساس بە رێژەی لە 8.7% بەرزبووەتەوە.
ئەو دەستکەوتەی بازاڕی نەوتیش دوای پەیمانی عێراق و کازاخستان دێت، کە لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵاسدا پلانیان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیادەی بەرهەمهێنانی مانگی ئایار پێشکەشکرد.