هاوپەیمانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پەیامێک بۆ ئەحمەد شەرع دەنێرێت

جێگری سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا داوایەک لە ئەحمەد شەرع دەکات و دەڵێت پێویستە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو، ئەوانەی دەستیان بە خوێنی سوورییەکان سوور بووە بەردەوام بێت، هەروەها دەبێت کار لەسەر بڵاوکردنەوەی ناوی هەموو سیخوڕ و بریکارەکانی ڕژێمی ڕووخاو و دادگاییکردنیان بکرێت.
د. عەبدولحەکیم بەشار، جێگری سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، پەیامێکی ئاراستەی ئەحمەد شەرع کردووە و دەڵێت: "وەک دەزانن ڕژێمی لەناوچووی سووریا، لە سەردەمی خۆیدا دەیان هەزار سووریی وەک سیخوڕ و هەواڵدەر دامەزراند، بە ئامانجی سیخوڕیکردن بەسەر هاووڵاتیانی دیکەی وڵاتەکەدا بە تایبەتی ئەوانەی دژایەتی حکوومەتی ڕژێمیان دەکرد."
گوتیشی: "لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی دادپەروەری ڕاگوزەری پێویست بۆ بەدەستهێنانی ماف و دادپەروەری بۆ قوربانییەکان، پێویستە چەندین هەنگاوی پێویست بنرێت، لەوانە: ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو، ئەوانەی دەستیان بە خوێنی سوورییەکان سوور بووە، هەموو ئەو کەسایەتیانەی کە تاوانی ترسناک و پێشێلکارییان بەرامبەر سوورییەکان کردووە.
عەبدولحەکیم بەشار ئاماژەی بەوەش دا، لە ڕێگەی بەدواداچوونمان بۆ ئیدارەی کاریگەرەکەتان، دڵنیابووینەوە کە دەزگا ئەمنییەکان لە ئیدارەی نوێدا، بەڵگەنامەی گرنگیان دەستکەوتووە، لەوانەش فایلی سیخوڕ و هەواڵدەرەکان.
جەختیشی کردەوە، وەک دەزانن جەنابی سەرۆکی ئیدارەی نوێ، دادپەروەری تەواو نابێت، تەنیا بە بڵاوکردنەوەی ناوی بریکارەکانی ڕژێم و کەسایەتییە گشتیەکان و سیاسیەکان بە ئاشکرا نەبێت، بۆ ئەوەی گەلی سووریا ئاگاداری ئەو کەسایەتیە قێزەونانە بن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
دەشڵێت: دوای ئەو هەنگاوە، واباشە کار لەسەر بڵاوکردنەوەی ناوی هەموو سیخوڕ و بریکارەکانی ڕژێمی ڕووخاو و دادگاییکردنیان بکرێت، بەمەش دەتوانرێت هەندێک لایەنی دادپەروەری بێتە دی کە زۆرێک لە خەڵکی سووریا چاوەڕێی دەکەن.