قوربانیانی بوومەلەرزەکەی چین بەرزبووەوە
تا ئێستا زیاتر لە 400 کەس لە ژێر داروپەردووی خانووە ڕووخاوەکان ڕزگار کراون
حکوومەتی چین ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2025، ڕایانگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی سێشەممە، تیمەکانی فریاگوزاریی زیاتر لە 400 کەسیان لە ژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە ڕووخاوەکان ڕزگار کردووە.
ئاماژەشی داوە، ژمارەی قوربانیان بۆ 126 مردوو بەرزبووەتەوە و 188 کەسی دیکەش برینداربوون.
هەروەها ناوەندی تۆڕی بوومەلەرزەزانی چین ڕایگەیاندووە، چەقی بوومەلەرزەکە بە هێزی 6.8 پلەی ڕێختەر لە قوڵایی 10 کیلۆمەتر ناخی زەوییەوە بووە لە نێوان هێڵی پانی 28.5 پلە باکوور و هێڵی درێژی 87.45 پلە تۆمارکراوە و لە باشووری ڕۆژئاوای چین، ناوچەی تیبتی لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا و هەرێمی دێنگری هەژاندووە و بوومەلەرزەکە لە نیپاڵ و بووتان و هیندستان هەست پێکراوە.
بەگوێرەی میدیاکانی چین، سێ هەزار و 609 خانوو لە هەرێمی شیگاتسی ڕووخاوەن، 30 هەزار کەس بەهۆیەوە ئاوارەبووە، هەزار و 800 کارمەندی فریاگوزاری سەرەتایی و هەزار و 600 سەرباز خراونەتە ئەرکەوە.