ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس فراوانتر دەبێت و پێشبینی دۆخێکی خراپتر دەکرێت

سێ ئاگری گەورە لە ناوچهیهكی ویلایهتی لۆس ئەنجلسی ئهمهریكا کەوتوونەتەوە، گەورەترینیان لە گەڕەکی پاسیفیک بالیسادیسە. دەیان هەزار کەس ناچار بوون بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. دوو ئاگرەکەی دیکەش یەکێکیان لە باکووری سان فرنادۆ ئەوی دیکەش لە گەڕەکی ئایتۆن کەوتوونەتەوە.
بریان ڕایس، سەرۆکی سەندیکانی ئاگرکوژێنەوەی لۆس ئەنجلس، لهم بارهوه بە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی ڕاگەیاندووە، ڕەشەبای بەهێز ڕێگە نادات فەرمانبەرەکانیان بە ئاسانی فریای کوژاندنەوەی ئەو هەموو ئاگرە بکەون. ئەوان، بە پیاو و ئافرهتهوه، بە شیفتی 24 و 36 و 40 و 48 كاتژمێری بەردەوام هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەدەن.
ڕایس لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "زیاتر لە 200 هەزار ماڵ بێ کارەبان و ئەگەر ڕەشەباکە بهم شێوهیه بەردەوام بێت، بارودۆخەکە بۆ هەمووان زۆر سەختتر دەبێت."
شایەتحاڵان گوتوویانه، ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبیل لە لایەن خاوەنەکانییانەوە لەسەر ڕێگەی نێوان هەردوو گەڕەکی مالیبۆ و سانتا مۆکا بەجێ هێڵراون، هێزەکانی پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە ناچارن بە شۆفڵ لەسەر شەقامەکان لایان ببەن. ئەوەش ئاستەنگی زۆری بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان دروست کردووە.
هەواڵەکان وا دەگەیەنن، خێرایی ڕەشەباکە زیاتر لە 65 کیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا و ئەوەش هێندەی تر کاری تیمهكانی ئاگرکوژێنەوەی سەخت کردووە.
ئاگرەکەی گەڕەکی بالیسادیس، لە کۆنترۆڵ دەرچووە و ڕووبەرێکی بە ئەندازەی پێنج یاریگەی تۆپی پێی گرتووەتەوە. هاوكات، باری ناکاوی لە لۆس ئەنجلس ڕاگەیەنراوە.