شاندی بازرگانی 10 پارێزگای رۆژهەڵات و ناوەڕاستی تورکیا سەردانی دهۆکیان کرد

کۆبوونەوەی پارێزگاری دهۆک لەگەڵ شاندی بازرگانانی تورکیا
کۆبوونەوەی پارێزگاری دهۆک لەگەڵ شاندی بازرگانانی تورکیا

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پێشوازیی لە بەرپرسی دۆسیەی بازرگانی کونسوڵخانەی تورکیا لە کوردستان و 10 شاندی بازرگانی پارێزگاکانی رۆژهەڵات و ناوەڕاستی تورکیا کرد. 

لە کۆبوونەوەیەکدا کە شکری جەمیل، بەرێوەبەری ژووری بازرگانی پارێزگای دهۆک ئامادەبوو، باس لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کرا  بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی ئابووری و بازرگانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و تورکیا، هەروەها چۆنیەتی پێشخستنی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندی هەر دوو وڵات.

لای خۆیەوە عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، دووپاتی کردەوە هەرێمی کوردستان پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ئاستێکی بەرزدایە، پارێزگاری دهۆک ‌هیوای خواست بتوانن پەیوەندییەکان لە بەرژوەندی گەلی هەر دوو وڵات دا بەرەو پێشەوە ببەن و پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ئاسانکارییەک نیشاندا.  

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا،  گفتوگۆ لەسەر کۆمەڵێک بابەتی دیکە کران کە دەبنە بەربەست لەبەردەم بەهێزکردنی چالاکییە دارایی و بازرگانییەکان. 

بەپێ سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە 13 ملیار دۆلار، پێشبینیش دەکرێت تا ساڵی 2025 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر بێت.