ئۆکرانیا دامەزراوەیەکی نەوتیی گەورەی ڕووسیای بۆمباران کرد

تۆڕی هەوڵی سی ئێن ئێن، لە زاری بەرپرسانی سەربازیی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا، شەوی ڕابردوو 8ی کانوونی یەکەمی 2025، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دامەزراوەیەکی نەوتیی گەورەیان لە قووڵایی خاکی ڕووسیا، بۆمباران کردووە.
بەرپرسانی سەربازیی ئۆکرانیا دەڵێن: "لە ئەنجامی بۆمبارانەکەدا ئاگرێکی گەورە لە کۆگای نەوتی کۆمینات کریستاڵ، کە سووتەمەنی بۆ فڕۆکەخانەی ئینگلز-2 لە ناوچەی ساراتۆڤ، دابین دەکات، کەوتووەتەوە. ئەو فڕۆکەخانەیە پێگەی تایبەتیی فڕۆکە بۆمبهاوێژە ستراتیجییەکانی ڕووسیایە."
هەروا ڕۆمان بۆسارجین، فەرمانداری شاری ساراتۆف، لە پێگەی خۆی لە تەلگرام ڕایگەیاندووە "دوو کارمەندی ئاگرکوژێنەوە کوژراون و کەسێکی دیکەش بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە."
بۆسارجین هەروا نووسیویەتی "لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی ئۆکرانیادا ئەمە یەکەم جارە هێرشێکی ئاوا گەورە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێتە سەر شارەکەمان، کە زیانێکی گەورەی لێ کەوتووەتەوە."
ساراتۆف 600 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرانیاوە دوورە.