یاریدەدەرێکی ترەمپ: پێویستە بەریتانیا هاووڵاتییە داعشەکانی بگەڕێنێتەوە

بەڕێوەبەری داهاتووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە حکوومەتەکەی ترەمپ، سباستیان جۆرکا، بە ڕۆژنامەی تایمزی لەندەنی گوتووە بەریتانیا ناچارە هاووڵاتییە داعشەکانی خۆی بگەڕێنێتەوە، لە ناویاندا شەیما بەیجووم، کە بە بووکی داعشەکان ناسراوە.

بەریتانییەکان لایان وایە ئەگەر ڕێگە بە گەڕانەوەی شەیما بدەن، لەوانەیە زیاتر لە 100 داعشی توندڕەو ئەو هەلە بقۆزنەوە و ببنە مایەی دەردەسەر بۆ ئارامیی بەریتانیا. 

شەیما بەیجووم، کە ڕەگەزنامەی بەریتانی هەبوو، ساڵی 2015، بەریتانیای بەرەو سووریا بەجێ هێشت و پەیوەندیی بە ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە کرد؛ ساڵی 2024 حکوومەتی بەریتانیا ڕەگەزنامەکەی لێ سەندەوە و ئێستە لە یەکێک لە کەمپە زیندانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەست بەسەرە.

جۆرکا، لە درێژەی قسەکانیدا گوتوویەتی: "هەر وڵاتێک بیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ گەورەترین زلهێزی دنیادا بپارێزێت، دەبێت بەرامبەر مەسەلەی تیرۆر بە شێوەیەکی گونجاو هەنگاو بنیت. ئەم بابەتە زیاتر بەریتانیا دەگرێتەوە، چونکە پێگەیەکی تایبەتی لای سەرۆک ترەمپ هەیە."

لە لای خۆیەوە، دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند "هەرگیز ڕێگە نادەین بەیجووم بگەڕێتەوە بەریتانیا."

ساڵی 2021 حکوومەتی بایدن، داوای لە بەریتانیا کرد کە ئەندامە بەریتانییەکای داعش، ئەوانەی لە باکووری سووریا دەست بەسەرن، بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی. چونکە ئەوە بەرپرسیارەتییەکی ئەخلاقییە و زۆرێک لەوانە، وەک شەیما بەیجووم، لەوانەیە لە ژێر فشار و هەڕەشەدا ناچار بە هاوکاریی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە کرابن.

بەیجووم، لە تەمەنی 15 ساڵیدا، کاتێک قوتابی بوو، لە ماڵی خۆیانەوە، لە بەریتانیا، هەڵات و پەیوەندیی بە ڕیزەکانی داعشەوە کرد.