وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشداریی بە ئەحمەد شەرع دەدەن
وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە دامەزراندنی چەکداری بیانی لەناو هێزەچەکدارەکانی سووریا، هۆشداریی بە ئەحمەد شەرع دەدەن.
بەرپرسێکى باڵای ئەمەریکى بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە، نوێنەرانی ئەمەریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، لەبارەى دامەزراندنی چەکدارانی بیانی لە پۆستە باڵا سەربازییەکاندا، هۆشدارییان بە ئیدارەی نوێ سووریا داوە و گوتوویانە ئەو کارە پشێویی ئەمنیی لێ دەکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە "وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا لە سەردانەکەیاندا بۆ دیمەشق بەناوى خۆیان و ئەمەریکاوە، پرسی ئەو چەکدارە بیانیانەیان تاوتوێ کردووە کە لەم دواییانە لە سوپای نوێی سووریادا پۆستیان پێ دراوە."
لە بەرامبەردا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی کاتیی سووریا، بە ڕۆژئاواییەکانی گوتووە "دوورخستنەوەی چەکدارە بیانییەکان ئاسان نییە، چونکە ڕۆڵیان لە ڕووخاندنی بەشار ئەسەد، هەبووە."