بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا، ئەنجام دا و تێیدا سێ بڕیاری دەرکرد.

ئەمڕۆ شەممە 11ـی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا، بە بەشداريی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا، کە بابەتی سەرەکيی کۆبوونەوە، دابینکردن و داکۆکیکردنە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، کە بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و نیشتمانیی هەموومانە، بۆیە بانگهێشتنامەمان ئاراستەی هەموو فراکسیۆنە کورستانییەکان کرد و هیواداربووین هەموو لایەنە کوردستانییەکان بەشداریيان تێدا کردبا، تاوەکوو پێکەوە بە ئاشکرا و ڕووبەڕوو، گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکان بکەین لەبەر ڕۆشنایيی ڕاستییەکان.

لە کۆبوونەوەکە سێ بڕیار دەرکران:

یەکەم: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر دوازدە مانگی ساڵی 2025 بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاردرا شاندێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانی پێ بگەیەنن کە پێویستە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارە بکرێت.

دووەم: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پێشنیازکراوی خەرجییەکانی مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و خشتەکانی سەرجەم شایستەکانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بکرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەکانی و پلەی وەزیفی و میلاک بە گوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی.

سێیەم: لە ئێستاوە کار بکرێت بە یاسای بودجەی فیدراڵ، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە پێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ڕابردوو و پێوەرە دەستووريیەکانی دادپەروەریی لە دەستنیشانکردنی بەشی هەرێم لە بودجە وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی، دواتر بە پێی تایبمەتدنی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی  بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم دابەش بکرێتەوە.