هەڵبژاردنی پێشوەختە بووەتە ڕۆژەڤی تورکیا

ئەردۆغان دووپاتی کردەوە، ئامادەیە جارێکی دیکە خۆی پۆستی سەرۆکایەتیی تورکیا کاندید بکاتەوە. سەرۆکی جەهەپەش ئامادەیی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕاگەیاند. 

یەکشەممە، 12-01-2025، لە ڕحای باکووری کوردستان، کۆنگرەی هەشتەمی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) دەستی پێ کرد. 

ئیبراهیم تاتڵیساس، هونەرمەندی گەورەی تورکیا، ئامادەی کۆنگرەکە بوو و بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای گوت: "دەمەوێت شتێک بڵێم، ئامادەی بۆ خولی داهاتوو جارێکی دیکە ببیتەوە بە سەرۆک کۆمار؟ با بەڵێنی ئەوەتان لێ وەربگرین."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش لە وەڵامی پرسیارەکەی تاتڵیساسدا جەختی کردەوە "ئەگەر تۆ لەگەڵم بیت، بەڵێ ئامادەم."

کاردانەوەی قسەکانی ئەردۆغان زۆری نەخایاند؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گوتی: "سەرۆک کۆمار دەیەوێت جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە، بێگوەمان ڕێگەیەک هەیە، ئەویش کۆکردنەوەی 360 پەرلەمانتار و ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە پەرلەمانەوە. ئەگەر ئەو لاریی نییە، ئێمەش ئامادەین، با بێت و ئەگەر دەیەوێت دەتوانین ئەم هەفتەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕابگەیەنین. مانگی 10 ـی دەوێت یان مانگی ئادار هیچ کێشە نییە، ئێمە ئامادەین."

بە گوێرەی ماددەی 101ـی دەستووری تورکیا، هەر کەسێک تەنیا دوو جار مافی هەیە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار کاندید بکات. ئەردۆغان لە پەرلەمانی تورکیا کورسیی پێویستیی نییە بۆ ئەوەی کەی ویستی، هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕابگەیەنێت؛ بۆیە، چاوەڕێ دەکرێت لە ڕێگەی پارت و لایەنەکانی دیکە هەوڵی بۆ بدات. شارەزایانیش پێیان وایە، ئەم ساڵیش نەبێت ساڵی ئاییندە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوە دەچێت.