بایدن داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن داوای ڕاگرتنی شەڕ و هەوڵدان بۆ ئازادکردنی دیلەکانی لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە.
کۆشکی سپی ڕاگەیەنداروێکی بڵاو کردووتەوە تێیدا هاتووە "جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوی دەستبەجێ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە غەززە کردووە."
لە ڕاگەیەنداروەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە، بایدن، داوای دەستبەجێ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە غەززە کردووە و جەختیشی لە زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکانی و لادانی بەربەست لەبەردەم گەیاندنیان بۆ کەرتی غەززە، کردووە.
هەروەها کۆشکی سپی بڵاوی کردووتەوە "لە پەیوەندییەکەیاندا، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باسیان لە ڕاگرتنی شەڕ لە فەلەستین و ئازادکردنی دیلەکان کردووە."
هاوکات، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە بایدنی ڕاگەیاندووە، لە بارەی پرسی ئاگربەست ،شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) لە دەوحەیە.
لە 20 ئەم مانگە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئامەریکا دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، بایدن لە کۆتا هەفتەکانی دەسەڵاتەکەیدا دەیەوێت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، دەستکەوتێک بۆ مێژووی خۆی تۆمار بکات.