ئاک پارتی پرۆسەی نوێی ئاشتی تاوتوێ دەکات

کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئاک پارتی (ئەرشیف)
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئاک پارتی (ئەرشیف)

ئاک پارتی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و دۆخی ئێستەی سووریا تاوتوێ دەکات.

دووشەممە، 13-01-2025، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاک پارتی) بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی پارتەکە کۆ دەبێتەوە. 

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی حکوومەت دەبێت لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. 

چاوەڕێ دەکرێت هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەکانی پارتەکە لەگەڵ حکوومەتی کاتیی سووریا و گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

ئەمە دەبێتە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئاک پارتی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. 

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژەڤی سەرەکیی ئێستەی تورکیا، پرسی کورد و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیی ئاشتییە. بۆ ئەم مەبەستە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندێکی پارتی یەکسانی و دادپەروەریی گەلان (دەم پارتی) دوای دیداریان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەجیا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کۆ بوونەوە. 

یەکشەممە، 12-01-2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە گوتارێکدا، لە کۆنگرەی پارتی ھەرێمە دیموکراتییەکان (بەدەپە) ڕایگەیاند "زەمینەیەکی بەم شێوەیە فراوان و لەبار، کە هەموو لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدارن، بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، دێتە کایەوە. نابێت هیچ لایەنێک ئەم زەمینەیە ژەهراوی بکات، بەڵکوو پێویستە پشتیوانیی بکەن."