ترەمپ: ئەم هەفتەیە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستی غەززە دەکرێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕێککەوتن سەبارەت بە بارمتەکان و ئاگربەست لە کەرتی غەززە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە کارا دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیوزماکس، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، گوتی: "وا دەزانم لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستی غەززە تەواو دەبێت."
ستیڤ ویتکۆف، باڵیۆزی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوچەکەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و قەتەر کۆبووەتەوە.
ترەمپ هەفتەی ڕابردوو هۆشداری دا لەوەی "دەرگای دۆزەخ" بۆ حەماس دەکاتەوە، ئەگەر پێش دەستبەکاربوونی لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، لەسەر ئاگر بەست ڕێک نەکەوێت.
هەروا گوتیشی: "ئەگەر ئەمە نەکرێت، کێشەیەک دروست دەبێت، کە هەرگیز پێشتر نەیانبینیوە".