کەناڵی 12 ئیسرائیل: سەرجەم سەربازانی تیمێکی سەر بە لیوای "ناحال" لە غەززە کوژران

کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، لە شەڕی بەیت حانوون لە باکووری کەرتی غەززە، سەرجەم سەربازانی تیمێکی لیوای ناحالی سوپای ئیسرائیل کوژراون.
بەگوێرەی کەناڵەکە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل شەوی ڕابردوو دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەم ڕایگەیاند "پێنج سەربازی لیوای ناحال لە شەڕی بەیت حانوون لە باکووری کەرتی غەززە کوژراون."
ڕووداوەکە لەکاتی چالاکییەکی سەربازیدا ڕووی داوە، کاتێک تیمەکە جۆرە ماددەیەکی تەقینەریان ئامادە کردووە، تەقینەوەیەک ڕووی داوە، بووەتە هۆی داڕمانی ئەو بینایەی تیمەکەی تێیدا جێگیر بووە .
تەقینەوەکە بووە هۆی کوژرانی 5 سەرباز و برینداربوونی 8 سەربازی دیکە، هاوکات ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی فەوجی سیخوڕیی لیوای ناحال لە کۆی 17 سەرباز، گەیشتە 13، ئەمەش دوای چەند مانگێک شەڕ لە غەززە.
کەناڵەکە بڵاوی کردەوە "سەرجەم کوژراوەکان سەر بە هەمان تیمن کە بە "تیمی Z1" ناسراوە و بریتیی بوونە لە 17 سەرباز، دوو مانگ پێش 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، خولێکی مەشق و ڕاهێنانیان تەواو کردووە، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕدا ڕەوانەی ڕەفەح کران."
تیمی Z1، بۆ ماوەی چەندان مانگ لە باشووری کەرتی غەززە شەڕیان کردووە و لە چەندان هەڵمەتدا بەشدارییان کردووە. دوای تەواوکردنی ئەرکەکانیان لە ڕەفەح، خۆیان لە بەیت حانوون جێگیر کرد و لەوێ شەڕیان کرد تا بەرەبەیانی دوێنێ هەموویان کوژران، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تەواوی تیمەکە لە یەک بینادا بوون و باڵەخانەکانی ناوچەکەیان پاک دەکردەوە.