گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی پرسی کورد: ئیرادەیەکی بەهێز بۆ چارەکردنی هەیە

گوتەبێژی ئاکپارتی ئــەوەی خستە ڕوو، ئیرادەیەکی بەهێز بۆ چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا هەیە و دەیانەوێت تیرۆر لە ڕۆژەڤی وڵاتەکەیان دەربهێنن.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پـــارتەکە، لـــە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئیرادەیەکی بەهێز لە تورکیا و لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە هەیە لە پێناو بەلاوەنانی تیرۆر لە ڕۆژەڤی وڵاتەکەماندا."
گوتەبێژی ئاکپارتی گوتیشی: "ئەوانەی تیرۆریان بۆ مەبەستی سیاسی بەکار هێناوە، هەمیشە دەڵێن ڕێگەکانی سیاسەت لە تورکیا داخراون، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. کاتێک قۆناغی ئاشتی بەڕێوە دەچوو، تیرۆر دیدگا و ئامانجی دیکەی هەبوو."
چەلیک دووپاتی کردەوە "هاوشانکردنی کورد لەگەڵ تیرۆر بێگومان پرۆژەیەکی ئیمپریالییە، ئەمڕۆش زایۆنییەکان هەوڵی ئەوە دەدەن، بەڵام کورد هەرگیز بایەخی بەم پلانگێڕییە ئیمپریاڵی و زایۆنییە نەداوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژەڤی سەرەکیی ئێستەی تورکیا، پرسی کورد و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیی ئاشتییە. بۆ ئەم مەبەستە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندێکی پارتی یەکسانی و دادپەروەریی گەلان (دەم پارتی) دوای دیداریان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەجیا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کۆ بوونەوە.
یەکشەممە، 12-01-2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە گوتارێکدا، لە کۆنگرەی پارتی ھەرێمە دیموکراتییەکان (بەدەپە) ڕایگەیاند "زەمینەیەکی بەم شێوەیە فراوان و لەبار، کە هەموو لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدارن، بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، دێتە کایەوە. نابێت هیچ لایەنێک ئەم زەمینەیە ژەهراوی بکات، بەڵکوو پێویستە پشتیوانیی بکەن."