لە چەند گوندێکی دهۆک خوانی پرسە قەدەغە دەکرێت

دانیشتووانی چەند گوندێکی پارێزگای دهۆک خوانی پرسەیان بایکۆت کرد، ئەوقافی دهۆکیش دەوێت بیکات بە فەرمی.

سێشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2025، ناسح مەلائەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی دهۆک، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "دانیشتووانی چەند گوندێک، لەلایەن خۆیانەوە  بڕیاریان داوە بە قەدەغەکردنی خوانی پرسە، ئێمە پاڵپشتی ئەو بڕیارەیەن، بەڵام بە فەرمی هیچ بڕیارێکمان نەداوە، چونکە پێویستی بە لێکۆلینەوە و وردبینی زیاترە."

بەڕێوەبەری ئەوقافی دهۆک گوتیشی: "لەلایەن هاوڵاتییانەوە چەند داواکاریێکمان بۆ هاتووە، سەبارەت بە کەمکردنەوەی ڕۆژانی پرسە لە دوو ڕۆژ بۆ ڕۆژێک، قەدەغەکردنی خوان لە پرسەکاندا."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، دانیشتووانی گوندی ئێتیت بە فەرمیی لەلایەن موختاری گوندەکەیان خوانی ناو پرسەکانیان قەدەغە کرد.