سبەینێ نمە باران و بەفر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شارەزایەکی کەشناسیی ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت سبەی نمە باران و بەفر لە شار و ناوچە شاخاوییەکان ببارێت.
چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "پێشبینی دەکرێت، سبەی پێنجشەممە، 16-1-2025، کەشی بەشێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان ناسەقامگیر بێت، ئاسمانیش لە هەندێک شوێن ساماڵە و لەهەندێک شوێنی دیکە نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت."
محەممەد کەمال جەختیشی کردەوە، ئەگەری نمە باران لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گەرمیان، سنووری سلێمانی و هەڵەبجە هەیە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سۆران ئەگەری بەفر بارین هەیە و دواتر کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە.
گوتیشی: لە 19ـی مانگ لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سۆران و سلێمانی و هەڵەبجە، ئەگەری بارینی بەفر هەیە، لەسەنتەری شارەکانیش پێشبینی نمە باران دەکرێت، ئاماژەی بەوەش دا، دوای 25 مانگ شەپۆلێکی باران و بەفر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەشی پێشبینی کەشوهەوای هەرێمی کوردستانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە.
کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە، کەشی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-1-2025، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ.
ڕاشیگەیاند، کەشی سبەی پێنج شەممه، 16-1-2025، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت، هەرووەها پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 17 پلەى سیلیزى
سلێمانی : 14 پلەى سیلیزى
دهۆک : 14 پلەى سیلیزى
کەرکوک : 18 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 14 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 16 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 2 پلەى سیلیزى
سۆران: 12 پلەى سیلیزى
گەرمیان : 19 پلەى سیلیزى