عێراق 20 ساڵە بە دەست توندوتیژی ئایینی و هزری توندڕەوییەوە گرفتارە

وێنەی عەلی خەزعەل، مامۆستا لە حەوزەی عیلمی کەربەلا
وێنەی عەلی خەزعەل، مامۆستا لە حەوزەی عیلمی کەربەلا

ماوەی 20 ساڵە عێراق بەدەست توندوتیژی ئایینی و هزری توندڕەوییەوە گرفتارە، توندوتیژی ئایینی بووەتە هۆکاری دروستبوونی ململانێی چەکداری لە چەند شوێنێک و هەروەها ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس. لەم چوارچێوەیەدا ڕۆشنبرانی پارێزگای کەربەلا داوای دیالۆگێکی نیشتیمانی فراوان دەکەن بۆ کۆتایهێنان بە کێشەی سیاسی و ئاینییەکان، ئەمەش لە پێناو پێخستنی دەوڵەتێکی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ململانێی هۆزەکان و ڕقی ئاینی لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە، ئەمەش سەری کێشاوە بۆ پێکدادانی چەکداری و فراوانبوونی بازنەی توندوتیژی لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق.

ئەم دیاردەیە تەنها لە چوارچێوەی سیاسیدا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی کاریگەری لەسەر ناسنامەی عێراق.

عەلی خەزعەل، مامۆستا لە حەوزەی عیلمی کەربەلا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نێوەندگیریی و میانڕەوی هۆکاری سەرەکی لە ناوبردنی توندتیژییە، بنەڕەتی ئاینی ئیسلام فێرمان دەکات دووربین لە توندوتیژی، چونکە ئاینێکە توندڕەوی و تائیفی تێدانییە، بەتایبەتی ئەو توندڕەویەی سەر دەکێشێت بۆ تیرۆر".

توندڕەوی ئاینی و تائیفی وای کردووە ملیۆنان عێراقی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کۆچ بکەن، هاوکات دامەزراوەکانی دەوڵەتیش کە پێویستە کۆڵەکەی سەقامگریی وڵات بن، بێتوانان لە چارە کردنی توندوتیژی ئاینی و تائیفی.

لای خۆیەوە ئەحمەد حوسەینی، چالاکوان دەڵێت: "ئەوەی زۆرترین زیانی لە عێراق داوە بریتیە لە پەڕگیریی و توندڕەوی ئاینی و پشک پشکێنەی حزبی.، 20 ساڵە وڵات بەدەستی گوتاری پەڕگیریی و توندڕەویەوە گرفتارە".

لەلایەکی دیکە عەلی خالد، نووسەر گوتی: "دابەشبوونی ئاینی کاریگەری زۆری لەسەر عێراق هەبووە، چونکە پۆستەکان لەسەر بنەمای پێکهاتەی ئاینی لە عێراق دابەش دەکرێن، هەربۆیە حکوومەتەکان لە ڕابردوودا نەیانتوانیوە عێراقێکی جیاواز بێننە کایەوە".

چاودێران لەسەر ئەوە کۆکن کە چارەی توندوتیژی بریتیە لە پێخستنی دەوڵەتێکی مەدەنی، کە ڕێز لە فرەچەشنی بگرێت، هەروەها سنوورێکیش بۆ توندوتیژی و پەڕگیری دابنێت بەهەموو جۆرەکانیەوە، یەکسانی لەنێوان هاووڵاتییەکانی بکات، هەروەها دەستبەری نەوەکانی داهاتی دوور لە توندوتیژی دەژین و ململانێکانی ڕابردوو کاریگەری لەسەر ژیانیان دروست نەکەن، بکات.