بایدن: ئاگربەست لە غەززە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: قۆناغی ڕێککەوتنی ئاگربەست شەش هەفتە دەخایەنێت، هەروەها بەهۆی ئەم ڕێککەوتنە خەڵکی غەززە دەتوانن دووبارە خۆیان بنیادبنێنەوە.
چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: ئەو شەڕەی لە غەززە هەبوو دەوەستێنرێت و بەمزووانە بارمتەکان ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، ئەم ئاگربەستە بە گەرمی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پێشوازیی لێ کرا.
سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا، ڕێککەوتنی ئاگربەست بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لە غەززە، هاوکات بەشێک لە بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن، شانازی دەکەم ئەمەریکییەکان بەشێکن لەم ڕێککەوتنە.
هاوکات دەڵێت: ئیسرائیلیش هەزاران زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات و دەتوانن ئەوانیش بگەڕێنەوە ماڵەوە، هاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ غەززە دەست پێدەکەن، لە ماوەی شەش هەفتەدا ئیسرائیل دەست بە دانوستان دەکات بۆ ئەوەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.
باسی لەوە کرد، قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە کۆتاییهێنانی هەمیشەیی شەڕەکەیە، ئەگەر دانوستان زیاتر لە شەش هەفتە بخایەنێت ئەوا ئاگربەست هەر بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی ئەمەریکا، گوتیشی: هەر لە قۆناغی دووەمدا ئاڵۆگۆڕی نێوان بارمتەکان دەکرێن، هەموو هێزەکانی ئیسرائیلیش لە تەواوی غەززە دەکشێنەوە.
باسی لە قۆناغی سێیەمی ئاگربەستەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، لە قۆناغەکەدا هەر بارمەتەیک کە کوژراوە تەرمەکانیان دەگەڕێندرێنەوە بۆ خێزانەکانیان و، پلانی بنیاتنانەوەی غەززە دادەڕێژرێت.
لەبارەی حەماسەوە، بایدن دەڵێت: چەندین سەرکردە و چەکداریان کوژراون و بناغە سەربازییەکانیان وێران کراون، حەماس هیچ چارەی دیکەی نەبوو جگە لە ڕێککەوتن.
جەختی لەوەش کردەوە، بەهۆی ئەم ڕێککەوتنە خەڵکی غەززە دەتوانن دووبارە خۆیان بنیادبنێنەوە.
چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، دوای 15 مانگ لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ئاگربەستی غەززەی بە فەرمی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، بەر لە گەیشتنیان بە کۆشکی سپی دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە، دەشڵێت: جارێکی دیکە نابێت غەززە ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئاگربەستی غەززە سەرەتایەکە بۆ کاری گەورەتر، کار بۆ پتەوکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین.
بەبۆنەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست، خەڵکی غەززە و خان یونس و تەلئەڤیڤ دەستیان بە ئاهەنگ گێران کرد، مێدیاکانی ئیسرائیلیش ڕایانگەیاند: قۆناغی یەکەمی ئامادەکارییەکان بۆ کشانەوەی سووپای ئیسرائیل لە غەززە دەستی پێکردووە.