فێریال کلارك: هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگی بەریتانیایە
وەزیری ژیری دەستکرد لە حکوومەتی بەریتانیا، گوتی: پەیوەندی حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی بەریتانیا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی مێژووییەوە زۆر باش بووە، هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی وەك هاوبەشێکی گرنگ لەلایەن بەریتانیاوە سەیر دەکرێن.
چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2024، فێریال کلارك، وەزیری ژیری دەستکرد لە حکوومەتی بەریتانیا، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ساڵی ڕابردوو وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کۆبووەوە، ئەمەش دەرخەری ڕژدبوونی حکوومەتە لە دروستکردنی پەیوەندی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمەکە.
وەزیری ژیری دەستکرد لە حکوومەتی بەریتانیا، دەڵێت: کاتێك لە ئۆپۆزسیۆن بووم لەگەڵ شاندەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بازرگانی کۆبوومەوە، بەدڵنیاییەوە لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەت چاومان لە دەرفەتی بەیەکەوە کارکردن دەبێت و دەرگام کراوەیە بۆ هەر بانگهێشتێك یان بەریەککەوتنێك.
ئاماژەی بەوە دا، پەیوەندی حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی بەریتانیا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی مێژووییەوە زۆر باش بووە، هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی وەك هاوبەشێکی گرنگ لەلایەن بەریتانیاوە سەیر دەکرێن.
گوتیشی: پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.