یەکەم کاروانی نەوتی سپیی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان

وەزارەتی نەوتی عێراق نۆ تانکەر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان نارد. بەرپرسێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش وردەکاریی دابەشکردنی نەوتەکەی خستە ڕوو.
فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و وەبەرهێنانی کانزایی، لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-01-2025، یەکەم کاروانی نەوتی سپیی وەزارەتی نەوتی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان."
فەلاح مەولوود، ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە داوای 268 ملیۆن و 710 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپیمان کردبوو، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری داوە تەنها 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت."
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان باسی لەوەش کرد "وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ نۆ تانکەر نەوتی سپی ناردووە و پرۆسەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت. ئەگەر لەم چەند ڕۆژەدا پشکی هەر پارێزگا یان ئیدارەیەکی سەربەخۆ بە تەواوی گەیشت، دەست بە دابەشکردنی دەکەین."
وەکوو ئەوەی فەلاح مەولوود گوتی: "ئەو نەوتەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، بە هەمان نرخی دابینکراو و بە هەژمارکردنی کرێی گواستنەوە، بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت." ناوبراو بە دووریشی زانی بەغدا بێجگە لەم 50 ملیۆن لیترە هیچ بڕە نەوتێکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەوەی خستبووە ڕوو، لە ماوەی 15ـی ئەیلوولی 2024 تاوەکو 7ـی کانوونی دووەمی 2025، بڕی 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین کرابوو، بەسەر نزیکەی ملیۆنێک و 248 هەزار خێزان دابەش کراوە دەکاتە ڕێژەی 88% کۆی نەوتی دابەشکراو.
چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەستی کرد بە دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوەندی شارەکان.