سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی کۆبوونەوە

هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هەولێر کۆبوونەوە.

زێباری لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئێکس نووسیویەتی:"کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە پێناو یەکگرتوویی کورد و یەكڕیزی کورد بەرانبەر بە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بووە، هەروەها جەختیان لە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات لە سووریای نوێ کردەوە".

هەروەها نووسیویەتی :"سوپاسی هاوپەیمانان و دۆستەکانمان دەکەین".

ڕۆژی دووشەممە 13ـی ئەم مانگە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێشوازیی لە حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ باکوور و ڕۆژئاوای سووریا کرد.

سەردانەکە تایبەت بوو بە گەیاندنی، پەیامی سەرۆک بارزانی بە مەزڵووم عەبدی، بە گوێرەی زانیارییەکان لە پەیامەکەدا سەرۆک بارزانی جەختی لە گرنگیی یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییەکانی ئێستای سووریا کردبووەوە.

لەلایەن خۆیەوە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاندبوو، قۆناغی ئێستای سووریا پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەنەکانی کوردستان هەیە بۆ گەیشتن بە ئارامی و سەقامگیریی و پارێزگاریی کردن لە بەرژەوەندیی و دەستکەوتەکانی خەڵی کوردستان.