ئەنتۆنی بلینکن: یەکشەممەی داهاتوو ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە جێبەجێ دەکرێت
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: گەیشتووینەتە ڕێککەوتن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و لە ڕۆژی یەکشەممەوە ڕێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: لە ماوەی زیاتر لە 15 مانگ لە شەڕێکی وێرانکەری نێوان ئیسرائیل و حەماس، کارمان کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە بارمتەکان ئازاد بکرێن.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد، هەمیشە هەوڵمان بۆ ئەوە دابوو کە شەڕ لە غەززە بوەستندرێت و هاوکاری مرۆیی بگەیندرێتە ئەو کەسانەی پێویستیانە، زەمینەیەکیش بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی فەراهام بکات.
جەختی لەوە کردەوە، ئێستا گەیشتووینتە ئەو ڕێککەوتنە و چاوەڕێ دەکەین لە ڕۆژی یەکشەممەوە جێبەجێ بکرێت، هەر وەك سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، دوای زیاتر لە 400 رۆژ لە ململانێ گەیشتین بە رۆژی سەرکەوتن، سوپاسی نێوەندگیرەکان دەکەین کە قەتەر و میسرن کە هاوبەشێکی ناوازە بوو.
چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، دوای 15 مانگ لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بە نێوەندگیری ئەمەریکا، قەتەر و میسر راگەیەندرا.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی ڕێککەوتنەوە گوتی: ئەو شەڕەی لە غەززە هەبوو دەوەستێنرێت و بەمزووانە بارمتەکان ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، ئەم ئاگربەستە بە گەرمی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پێشوازیی لێ کرا.
سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا، ڕێککەوتنی ئاگربەست بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لە غەززە، هاوکات بەشێک لە بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن، شانازی دەکەم ئەمەریکییەکان بەشێکن لەم ڕێککەوتنە.