تومەنی ئێرانی نزمترین ئاست بەرامبەر بە دۆلار تۆمار دەکات
حکومەتی داوایەکی بەپەلە لە خەڵک دەکات
K24- هەولێر:
نرخی دراوی ئێرانی بۆ کەمترین ئاست بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی دابەزی و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش داوا دەکەن هاووڵاتیان داهاتەکانیان لە دەرەوەی وڵات بگەڕێننەوە.
دوێنێ دووشەممە، نرخی یەک دۆلار بەرامبەر بە 20 هەزار تومەن ئێرانی بوو ئەمەش نزمترین ئاستی ئەو دراوە ئێرانییەبوو بەرامبەر بە دۆلار.
ئیسهاق جەهانگیری، جێگری سەرۆکی ئێران لەوبارەوە داوای لە هاووڵاتیان کرد، سامان و داهاتەکانیان لەدەرەوە بۆ ناو ئێران بهێننەوە.
راشیگەیاند، لە ساڵی 2011، داهاتی نەوتی ئێران 100 ملیار دۆلار بوو، ئێستا هەشت ملیارە.
لای خۆیەوە وەزیری بازرگانی ئێرانی هۆشداریی دایە ئەو کەسانەی، سامان و داهاتەکانیان لەدەرەوە ناگەڕێننەوەو رایگەیاند، مۆڵەتیان لێدەسێندرێتەوە و ناوەکانیان بڵاودەکەینەوە
کۆمپانیاکانی ئێران، ئەوانەی لە بواری نەوت کار ناکەن، بەهاکەیان 40 ملیار دۆلارە و بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، نیوەی ئەو پارەیە لە دەرەوەیە.
ئەو کاتەی رێککەوتنامەی نێوان ئەمەریکا و ئێران بوونی هەبوو لە ساڵی 2015، یەک دۆلار بەرامبەر بە سێ هەزار و 200 تومەن بوو، بەڵام بەهۆی کشانەوەی ئەمەریکا و سەپاندنی سزاکان، ئابووری ئێران دابەزینی بەرچاوی تۆمارکرد.
ABC News