سەمیر هەورامی: بەم نزیکانە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا

گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەم نزیکانە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا بۆ چارەکردنی ئەو گرفتانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "گرفت لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا هەیە، گرفتەکانیش هەم سیاسیین و هەم تەکنیکین."
گوتیشی: "چەند جارێک شاندەکانی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا و شاندی بەغداش هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی کەمووکورتییەکان و چارەکردنی کێشەکان، کە تا ئاستێکی باش گەیشتوونەتە لێکگەیشتن، بە جێ بەجێکردنی یاساکان، بەڵام دەستوەردانی سیاسیی هەن، بۆیە ئەمساڵ 2025، کاری جددی تر هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان بەیەکجاریی."
ئاماژەی بەوەش کرد، "بەم نزیکانە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا بۆ چارەکردنی ئەو گرفتانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە."
سەمیر هەورامی گوتیشی: "لە هەندێک کەناڵ باس لە دابەشکردنی پۆست لە نێوان پارتی و یەکێتی کراوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک تا ئەم ساتە، پارتی و یەکیتی باسیان لە دابەشکردنی پۆستەکان نەکردووە."
ئا،اژەی بەوەش دا، "ئەوەی باسکراوە تاوەکوو ئێستا باسکراوە، لێژنە تەکنیکییەکان کاغەزێکی هاوبەشیان بۆ شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکردووە"، دەشڵێت "دوای ئەوەی نووسراوەکە لەەلایەن هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی پەسەند کرا، ئینجا باس لە پۆستەکان دەکرێت،"