ئەندامێکی لێژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان: داخستنی تیکتۆک لە عێراق تەنیا دەنگۆیە

لە ماوەی ڕابردوودا، دەنگۆی داخستنی تیکتۆک لە عێراق، تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی تەنی و ئەندامێکی لێژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەش، ڕایدەگەینێت: تەنیا دەنگۆیە و نەبووەتە فەرمی.

شەممە، 18ـی دووەمی 2025، کاروان یاروەیس، ئەندامی لێژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "داخستنی تیکتۆک لە عێراق، تەنیا دەنگۆیە و تاوەکوو ئێستا وەزارەتی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی عێراق، هیچ نووسراوێکی فەرمی، نەداوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام لە ئەگەری داخستنی دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی بکات".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەش کرد، ئەگەر ببێتە بڕیاری فەرمی، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە پێویستە حکوومەتی هەرێم بە فەرمی دەریبکات.

لە ساڵی 2023، حکوومەتی عێراق، بڕیاری داخستنی زیاتر لە هەزار ماڵپەڕی نەشیاو، لە ناوخۆی عێراق دا.