دوای ڕووخانی ئەسەد، بەردانەوەی ئاوی فوڕات بۆ عێراق زیادی کردووە

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2024، عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاندبوو، دۆخی ئاوی ڕووباری دیجلە باشە، کە بڕی ئەو ئاوەی لە تورکیاوە بۆ عێراق بەردەدرێتەوە دەگاتە 350 بۆ 400 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، بەڵام دۆخی ڕووباری فوڕات زۆر قورسە، چونکە ئاوی فوڕات زۆر دابەزیوە، کە بڕی بەردانەوەی ئاوی فوڕات لە سووریاوە تەنیا 240 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا.
عەون زیاب، ڕاشیگەیاندبوو، ئەم بڕە ئاوەی لە سووریاوە بەردەدرایەوە لە 20%ـی کەمتر بووە لە پشکی عێراق، بەڵام بەگشتی باشترە لەو بڕەی کە عێراق لە ساڵی 2023 لە فوڕاتەوە وەریدەگرت، ئەویش 170 بۆ 190 مەتر سێجا بووە لە چرکەیەکدا.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتیشی: "لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، 20 ڕۆژ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەردانەوەی ئاوی ڕووباری فوڕات زۆر لەوە باشترە کە چاوەڕوان دەکرا."
زیاب ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا دۆخی ئاوی ڕووباری فوڕات زۆر باشترە لە ڕووباری دیجلە"، دەشڵیت، "ئەو ڕێککەوتنانەی پێشتر لەگەڵ سووریا لەبارەی ئاو کراون تا ئێستا بەردەوامن، هەروەها ئێستا بەردانەوەی ئاوی فوڕات دەگاتە 450 م3 لە چرکەیەکدا"، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ بڕیاری بەرهەمهێنانی وزە لە وێستگەی بەنداوی تەبقە لە سووریا.
ئەمەش بەو مانایەیە کە داهاتی عێراق لە فوڕاتەوە لە 240 مەتر سێجا بۆ 450 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا زیاد بووە، واتە ڕێژەی زیادبوونەکە گەیشتووەتە نزیکەی 88%.