ئینستاگرام قەدەغەکردنی تیکتۆکی لە ئەمەریکا قۆستەوە و گۆڕانکارییەک دەکات

تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام لەمەودوا ڕێگە بە بەکارهێنەرانی دەدات کورتە ڤیدیۆ "ڕیڵز"ـی ماوە درێژتر بڵاو بکەنەوە.
ئادەم مۆسێری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئینستاگرام ڕایگەیاند، ئێستە پلاتفۆرمەکە ڕێگە بە بەکارهێنەرانی دەدات، ئەو کورتە ڤیدیۆیانە "ڕیڵز" بڵاو بکەنەوە کە ماوەکەیان تاوەکوو سێ خولەک دەخایەنێت.
بەم پێیەش تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ماوەی کورتە ڤیدیۆکانی بۆ دوو هێندە زیاد کرد، چونکە پێشتر بەکارهێنەران دەیانتوانی تەنها کورتە ڤیدیۆی 90 چرکەیی (یەک خولەک و نیو) بڵاو بکەنەوە.
مۆسێری هۆکاری گۆڕانکارییەکەی گەڕاندەوە بۆ داوای بەکارهێنەران کە وەکوو خۆی گوتی: "بەکارهێنەران پێیان وابوو 90 چرکە بۆ کورتە ڤیدیۆکان زۆر کەمە."
ئینستاگرام سەر بە کۆمپانیای مێتایە کە لەلایەن مارک زوکربێرگ، خاوەندارێتیی دەکرێت. ئەم بڕیارە چەند کاتژمێرێک لە دوای قەدەغەکردنی یەکجارەکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک لە ئەمەریکا دێت و پلاتفۆرمەکە دەیەوێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە تیکتۆک لە دوای داخرانی لەو وڵاتە بەجێی هێشتووە؛ بە تایبەت کە تیکتۆک ڕێگەی بە بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆی تاوەکوو هەشت خولەکیش دەدا.
ڕۆژی هەینی، 17-01-2025، دیوانی باڵای دادوەریی ئەمەریکا بڕیاری داخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک کە سەر بە کۆمپانیای بایت دانسی چینییە، دەرکرد و ڕۆژی یەکشەممە، 19-01-2025، بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
تیکتۆک لە ئەمریکا 170 ملیۆن بەکاربەری هەیە. لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ بەیانی بۆ بەکاربەرانی تیک تۆک نێردرا، هاتووە: "بە داخەوە تیک تۆک لە ئێستادا بەردەست نییە. یاسای داخستنی تیک تۆک چووە واری جێبەجێکردنەوە و هەنووکە ناتوانن بەکاری بهێنن".
ئیدارەی بایدن، تیکتۆکی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا پێناسە کردووە، بەڵام ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو، 15-01-2025، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری دەستنیشانکراوی ئاسایشی نیشتمانی لە حکوومەتی داهاتووی وڵاتەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە ترەمپ بیر لە بژاردەی هێشتنەوەی تیکتۆک بکاتەوە.