مەزڵووم عەبدی: سەرۆک بارزانی دەتوانێت ڕۆڵ لە یەکخستنەوەی هەڵوێستی کورد ببینێت

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دەڵێت: داوام لە سەرۆک بارزانی کرد کێشەمان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکات، ئاماژە بەوەش دەکات: سەرۆک بارزانی دەتوانێت ڕۆڵ لە یەکخستنەوەی هەڵوێستی کورد ببینێت.

یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە دیمانەیەکی تەلەفزۆنیدا گوتی: پاسپۆرتم بەناوی مەزڵوم عەبدییەوە نییە، بۆیە نەمتوانی ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ ببم.

لەبارەی گومانی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەبێت، مەزڵووم عەبدی گوتی: هیچ پەیوەندییەکی ئاشکرا و شاراوەمان لەگەڵ ئێراندا نییە، ئەگەر داوای پەیوەندیشمان لێ بکەن ڕەتی دەکەینەوە، چونکە ئێرانییەکان بەشێکی کێشەی سووریا بوون، گرووپەکانی ئێران لە دێرەزور چوار ساڵ هێرشیان کردە سەر ئێمە، سەبارەت بەو درۆنانەی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیەتی، مەزڵووم عەبدی گوتی: خۆمان درۆنەکان دروستدەکەین و هەمووی دەستکردی خۆمانە، هیچ موشەکێکمان لە ئێران وەرنەگرتووە و ئێستە چەکی دژە درۆن دروست دەکەین، تاکو ئێستا 6 فڕۆکەی تورکیامان خستووەتەوە خوارەوە.  

لەبارەی لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع، بەرپرسی ئیدارەی نوێی سووریاش گوتی: لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع ئەرێنین، چاودێری جێبەجێکردنی قسەکانی دەکەین. 

دەربارەی دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی، مەزڵووم عەبدی گوتی:" دیدارم لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەپێناو وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بوو، داوام لە سەرۆک بارزانی کرد نێوەندگیریی بۆ وەستانی هێرشەکانی تورکیا بکات، لەگەڵ ئەوەشدا  ئەم سەردانەم بۆ لای سەرۆک بارزانی پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی سووریا و زامنکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا هەیە، ئەم بابەتە بۆ هەموو کورد و بەر لە هەموویان بۆ سەرۆک بارزانی گرنگە. 

دەشڵێت: هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر هێزە سیاسییەکانی ناوچەکەمان هەیە، سەرۆک بارزانی دەتوانێت ڕۆڵ لە یەکخستنەوەی هەڵوێستی کورد ببینێت، لە کۆبوونەوەکەمان باسمان لە گرنگیی یەکدەنگیی کورد کرد بۆ ئەوەی بە یەک شاند بچینە دیمەشق، سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان گرنگیی بەم بابەتە دەدات.

مەزڵووم عەبدی دەڵێت: داوام لە سەرۆک بارزانی کرد کێشەمان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکات، چونکە هەرێمی کوردستان بە تایبەتیی سەرۆک بارزانی پەیوەندیی باشی لەگەڵ تورکیادا هەیە، دەشڵێت: سەرۆک بارزانی بەڵێنیدا لە گفتوگۆکان بەردەوام بێت و متمانەم پێی هەیە.

لەبارەی بڕیاری ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکان لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سووریا، مەزڵووم عەبدی گوتی: ئێمە بریاری ڕادەستکردنی چەکمان نەداوە، بەڵکو گوتوومانە، لە داهاتوو دەبین بە شێک لە سووپای داهاتووی سووریا، پێشر ئەم قسەیەمان کردووە، ئێستاش هەڵگری هەمان پڕۆژەین، هێزەکانی سووریای دیموکرات خاوەنی ئەزموونی زۆرن و دەتوانن ڕۆڵیکی گەورە لە سوپای داهاتوودا ببینن. 

فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دەڵێت: سەرپێچی زۆر بەرانبەر گەلی کورد کراوە، دانی پێدا نەنراوە، ئێمە کوردین و لەسەر ناسنامەکانمان نووسراوە عەرەب، لەگەڵ ئەوەداین پاشگری عەرەب لە کۆماری سووریا بکرێتەوە، دەبێت مافەکانی کورد لە دەستوور زامن بکرێن، لە زمان و خۆبەڕێوەبەری و تەواوی پرسەکاندا.  

لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرعیش، مەزڵووم عەبدی گوتی: شەرع دەستپێشخەری کرد و بە زمانی کوردی چەند قسەیەکی  کرد. 

گوتیشی:ئێمە لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاین لە سووریادا، پێمان وایە ئەمریکییەکان دەتوانن کۆتایی بە کێشەکانی نێوان هەسەدە و تورکیا بهێنن.