لەمەودوا هەر پەرلەمانتارێک ئامادەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەبێت سزا دەدرێت

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لەمەودوا هەر پەرلەمانتارێک ئامادەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەبێت، بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبووەوە، هاوکات ئامانج لە کۆبوونەکەش دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاوە بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی شکاندنی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون لە پەرلەمان.
مەشهەدانی جەختی لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کردەوە و گوتی: پێویستە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بۆ مەبەستی دەنگدان لەسەر کۆمەڵێک پرۆژە یاسای گرنگ کە تایبەتە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان، بە ڕێکوپێکی بەڕێوەبچن.
هاوکات ڕوونیکردەوە، ڕۆژانی داهاتوو کار لەسەر پەیڕەوی هەڵسوکەوتی پەرلەمان دەکرێت بەپێی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن، هەروەها سزای پێ بژاردنی یەک ملیۆن دیناری بەسەر ئەو کەسانە دەسەپەیندرێت کە ئامادەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نابن.
گوتیشی: بەدەر لە سزای دارایی، ناوی هەموو پەرلەمانتارانی ئامادەنەبوو لە کۆبوونەوەکان، لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان بڵاودەکرێتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوای لە سەرۆکی فراکسیۆنەکان کرد، کە بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ بگرن و دڵنیابن لە ئامادەبووانی ئەندامانی فراکسیۆنەکانیان لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمان.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتی سەرجەم پەرلەمانتاران درا
ئەمڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا: مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتی سەرجەم شاندەکانی پەرلەمانی دا.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم بڕیارەش بۆ مەبەستی ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی پەرلەمانە لەنێو هۆڵی پەرلەمانە و، تا چیدیکە ڕێژەی یاسایی ئامادەبوون نەشکێندرێت و پرۆژە یاساکان ئەوەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دایە بە زوویی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.

بەهۆی دروستبوونی گرژی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا
مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی ناڕەزایەتی زۆرینەی پەرلەمانتارە شیعییەکان، لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، دانیشتنی پەرلەمانی هەڵگرت.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، گوتی: بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان تایبەت بەوەی هەر پەرلەمانتارێک ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکان بشکێنێت ئەوا یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت، کاردانەوەی لێکەوتەوە و بووە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێو هۆڵی دانیشتنەکە.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، گوتیشی: چاوەڕوان دەکرێت هەر لەم هەفتەیە پرسی هەمواری یاسای بودجە بخرێتەوە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان.

زۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە نەیانهێشت یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە
یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆبووەوە، کارنامەی کۆبوونەوەکە لە هەشت بڕگە پێکهاتبوو، بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: بڕگەی یەکەم دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانی عێراق درا، بەڵام لە بڕگەی دووەم کە تایبەت بوو بە هەمواری یاسای بودجە، زۆرینەی پەرلەمانتارە شیعەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی و کۆبوونەوەیان جێهێشت و ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونیان شکاند.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکی پەرلەمان لە یەکەم کاردانەوەی دژی ئەو ژمارە پەرلەمانتارە بڕیاری دا، هەر کەسێک هۆڵی کۆبوونەوە جێبهێڵێت بە نەهاتوو هەژمار بکرێت و سزا بدرێت.
پەیامنێری کوردستان24، گوتی: سەرەتا 167 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، بەڵام دواتر ڕێژەکە بووە نزیکەی 155، هەروەها لە کافتریای پەرلەمانیش گرژییەکی زۆر هەیە و کوردەکان داوا لە شیعەکان دەکەن بگەڕێنەوە نێو هۆڵ و چونکە هەمواری یاسای بودجە کە خاڵێکی تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقە.
باسی لەوەش کرد، فراکسیۆنە کوردستانییەکان، سوونییەکان و حکوومەتی عێراقیش، هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچینوە کە کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەناردەکردنەوەی نەوت چارە دەکرێت، بەڵام شیعەکان بەهۆی کۆمەڵێک بیناووەوە تا ئێستا ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەکەیان شکاندووە.