لەدوای ئاگر شەپۆلێکی توندی سەرما ئەمەریکا دەگرێتەوە

پێشبینی دەکرێت کەشوهەوایەکی زۆر سارد ڕوو لە 20 ویلایەتی ئەمەریکا بکات و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست بکات. ئەمەش دوای 11 ڕۆژ لە ئاگرکەوتنەوەکانی ویلایەتی کالیفۆرنیا دێت.

شەپۆلێکی ساردی جەمسەری لە ئەمڕۆوە ڕوودەکاتە 20 ویلایەتی ئەمەریکا، تا ناوەڕاستی هەفتە بەردەوام دەبێت، ئەم شەپۆلە ساردە لە ئەنجامی ڕەشەبای جەمسەریەوە دروست، کە دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما.

پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچەی وەکو داکۆتا و مینیسوتا، دەگاتە 40 پلەی ژێر سفر، لەگەڵ ئەوەش بایەکی زۆر ساردی لەگەڵدایە.

دەستەی کەشناسی نیشتمانی هۆشداری داوە، لە مەترسی ئەو شەپۆلە، کە دەبێتە هۆی سەرمایەکی زۆر کە ڕەنگە کێشەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان دروست دەکات، هەروەها پلەی گەرمی جەستە بە شێوەیەکی مەترسیدار دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی جوڵەی مرۆڤ.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکە کاریگەری لەسەر زیاتر لە 20 ویلایەت هەبێت، لەنێویاندا دەشتەکان و دەریاچە گەورەکان و ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات.

ئەم شەپۆلە ساردەی جەمسەریی دوای 11 ڕۆژ لە ئاگرکەوتنەوەکانی لۆس ئنجلس دێت، کە تا ئێستا 25 کەس گیانیان سپاردووە و زیانی 250 ملیار دۆلاریشی لءکەوتووەتەوە، هەروەها 12 هەزار دامەزراوەی لەناوبردووە و 150 هەزار کەسیش ئاوارەبوون.