تونێلی میراوە و ماوەران تەواو دەکرێن

دوای وەستانی کارکردن لە هەردوو تونێلی ماوەران و میراوە لە شارۆچکەی شەقڵاوەی هەولێر، جارێکی دیکە کارکردن تێیدا دەستیپێکردەوە.
دووشەممە،20کانوونی دووەمی 2025، ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە و نیشتەجێبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتی: چەند سالێک بوو، بە چەند هۆکارێک کارکردن لە هەردوو تونێلی ماوەران و میراوە، وەستابوو، بەڵام دوێنێ یەکشەممە، جارێکی دیکە دەستی پێکردەوە.
ئاگرین عەبدوڵا، گوتیشی: پرۆژەی تەواوکردنی هەردوو تونێلەکە لە چوارچێوەی پرۆژەیی دووسایدی، ماوەران- میراوەیە.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، دووشەممە، 20کانوونی دووەمی 2025، کاروان کەریم، قایمقامی شەقڵاوە، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەم پڕۆژەیە نزیکەی 10 کیلۆمەتر و بە بڕی 90 ملیارد دینار، لە لایەن کۆمپانیایی ناوخۆییەوە کاری تێیدا دەکرێت.
کاروان کەریم، گوتیشی: لە پڕۆژەکەدا، چاککردنەوەی ڕێگاکە و نۆژەنکردنەوە، تەواوکارییە پێویستییەکان بۆ هەردوو تونێلی میراوە و ماوەران دەکرێت، چەند بەرزە پردێک لە شوێنە پێویستەکان دروست دەکرێت.
بە تەواوکردنی هەردوو تونێلەکە، کار ئاسانییەکی زۆر بۆ شۆفێران دەکات، چونکە ڕێگایەکی سەرەکی بازرگانییە.