خالید خۆشناو: تا مانگی تەمووز ئاو دەگاتە هەموو هەولێر

خالید خۆشناو، سەرۆکی جێبەجێکاری هێمن گرووپ ڕایدەگەیەنێت: تا مانگی تەمووز ئاو دەگاتە هەموو هەولێر و کێشەی کەمئاوی کۆتایی دێت.
سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، خالید خۆشناو، سەرۆکی جێبەجێکاری هێمن گرووپ بە کوردستان24ـی گوت: ماوەی دوو ساڵە یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەین بۆ بەشداریی لە کۆڕبەندی داڤۆس، هاتووین لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان کۆ ببینەوە بەپێی پسپۆری و پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر دەکەین و سەردان و گفتو گۆ لەنێوانمان دروست دەکەین.
خالید خۆشناو گوتی: زیاتر لە چوار کۆبوونەوەی گرنگمان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان هەبووە، بەڵام ئەو دیدارانە ڕێککەوتنی گرێبەست نییە، دواتر دیداری دیکەش دەبێت، ئەو دیدارانە دەبنە دەرگای خێر بۆ هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی جێبەجێکاری هێمن گرووپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ لە داڤۆس دەستکەوتی باشتر بۆ کوردستان بەدی دێت و کۆمپانیای زۆر دەبینین لەوێ، دەڵێت: ئەگەر بمانەوێت تەواوی کۆمپانیاکانی جیهان ببینین، پێویستمان بە 10 ساڵ هەیە، بەڵام لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان بە چوار ڕۆژ دەتوانین زۆرینەیان ببینین، دەشڵێت: سەرمایەدار و خاوەنکارانی کوردستانیش لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس ئامادەبوون بۆ ئەوەی کارێک بکەن، ئەو کارانەی کە دەیکەین، بەر لە خۆمان پێویستە سوودی بۆ کوردستان هەبێت.
سەرۆکی جێبەجێکاری هێمن گرووپ موژدەی بە خەڵکی هەولێر دا و گوتی: پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر تا مانگی تەمووزی داهاتووی ئەمساڵ کۆتایی بێت و ئاو بگاتە تەواوی ماڵەکان لە شاری هەولێر کە چەندین ساڵە کێشەی بێ ئاویان هەیە.