ئاراس خۆشناو: داڤۆس دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە بناسێندرێت

سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕایدەگەیەنێت: داڤۆس دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە بە جیهان بناسێنن و سەرنجی زۆرترین وەبەرهێنەری جیهانی بۆ کوردستان ڕابکێشن.
سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاراس قادر خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ساڵی 2014 سەرۆک بارزانی بەشداریی لە داڤۆس کرد، لەو کاتەوە داڤۆس بووەتە دەرگایەکی نوێ بۆ زیاتر ناساندنی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە.
سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا جیهان بەرەو ئابوورییە، گەورە بڕیار بەدەستەکان و خاوەنکاران و ئەکادیمییەکان کە ئێستا لە داڤۆسن، دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی کوردستان بە جیهان بناسێنین.
ئاراس خۆشناو ئاشکرای دەکات، ڕێژەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان سەدا 14 ڕەتی نەداوە، دەیانەوێت سەدا 50 زیاتر بێت، دەڵێت: جگەلە بابەتی سەرمایە و بیری نوێ، تەکنەلۆژیای نوێ، هەر ملیارێک دۆلاری ئەمەریکی کە دەکرێتە وەبەرهێنان لە کوردستان، دەرفەتی هەلیکار بۆ نزیکەی 15 هەزار تاکو 20 هەزار گەنج و لاوی کوردستان دروست دەکات، بوونی ئەو پەیوەندییانە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنەری زیاتری بیانی.
دەشڵێت: ئێمە بەشی گەشاوەی عێراقین، بەڵام وەبەرهێنان لە ئاستی ئەو خواستە نییە کە ئێمە هەمانە و دەمانەوێت پێی بگەین، دەمانەوێت ئاستی وەبەرهێنانی بیانی زیاتر بێت لە تەواوی کەرتەکان، تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەمڕۆ ماڵی کوردستان لە داڤۆس هەر دەرفەتێک کە دروستی دەکات بۆ ئەوەیە، چۆن بتوانن هاوبەشی لەنێوان هەرێمی کوردستان و جیهان دروست بکەن بۆ بەرژەوەندیی هەردوولا.
سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئاماژە بەوە دەکات، لەڕووی ئابوورییەوە تا ئێستا هەرێمی کوردستان هەرێمێکی سەرنج ڕاکێشە، لەگەڵ فاکتەری سیاسی و ئەمنی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی، بەڕێژەیەکیش فاکتەری کۆمەڵایەتی لەهەندێ لایەندا، لەگەڵ یاسای وەبەرهێنان کە سەرنج ڕاکێش بووە.
ئاراس خۆشناو دەڵێت: سەرۆک وەزیران و کۆمپانیاکانی کوردستان لەوێ لە داڤۆس بە کۆمپانیاکانی جیهان دەڵێن: یاساکانی وەبەرهێنانی کوردستان هەموو دەرفەتێکی داوە و ئێمەش بەڵێنتان پێدەدەین هەموو ئاسانکارییەکانتان بۆ بکەین، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان سەدا 70 خاڵەکانی سەرنج ڕاکێشە بۆ وەبەرهێنان، هەندێ کەم و کوڕی ماوە و ئیشی لەسەر دەکرێت.
سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئاشکرای دەکات، کێشەکانی دەورووبەر کاریگەرییان لەسەر هاتنی وەبەرهێنەرانی بیانی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش بەشێکە لەو کێشانە، دەشڵێت: بەپێی پێوەرە زانستییەکان، شتێک لە عێراق نییە بەناوی وەبەرهێنانی بیانی، زۆر جار دەیانەوێت چاو لە کوردستان بکەن، بەڵام ژینگەی عێراق لەبار نییە بۆ وەبەرهێنان.