جووتیارێکی زیقار: بێئاوییە و هیچ شتێکمان بۆ ناچێندرێت

بەهۆی بێبارانی و کەمی بەردانەوەی ئاوی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێیەوە، دێهاتەکانی سنووری زیقار کە سەردەمانێک سەبەتەی خۆراکی عێراق بوون، کشتوکاڵەکەیان لەناو چووە.

زیقار، پێشتر بە سەبەتەی خۆراکی باشووری عێراق ناسرابوو، بەڵام ئێستە وشکەساڵی بەرۆکی زۆرینەی زەوییەکانی گرتووە. وشکەساڵی وای لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە، پەنا بۆ لێدانی بیر ببەن بۆ ئەوەی کشتوکاڵەکەیان لەناو نەچێت و مەڕوماڵاتەکانیان لە ژیان بمێننەوە.

جووتیارێکی زیقار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بیر لێ دەدەین، چونکە زەوییەکانمان ماندوو و بێئاون، خەریکە لەناودەچن؛ بەهۆی نەبوونی ئاوەوە، نە گەنم نە جۆمان بۆ ناچێندرێت. نزیکە دووساڵە ئەمە حاڵمانە و بەتەواوی بێ ئاوین."

هاووڵاتییەکی دیکەی ناوچەکە بە کوردستان24ـی گوت: "ئەمساڵ دۆخمان بە تەواوی خراپ بوو، لێدانی بیر کۆتا چارەسەرە پەنای بۆ ببەین، چونکە ئاوی خواردنەوەمان نییە و ئێمەش زۆر پێویستمان پێیەتی."

بە گوێرەی دەستەی ئاوی سەرزەوی ناسڕییە، ژمارەی ئەو بیرانەی بەم دواییانە لێ دراون گەیشتووەتە نزیکەی 100 بیر. ئەم بیرانە لەو ناوچانە لێ دراون کە وشکەساڵی بەتوندی تیایاندا دەرکەوتوون، لەوانەش قەزاکانی (سەید دەخیل، ئیسڵاح، قەلعە سووکەر و نەسر).

 ئامانج لە لێدانی ئەو بیرانە، کەمکردنەوەی بارگرانییەکانی سەرشانی خەڵکی ناوچەکەیە، چونکە دانیشتووانەکانیان بەهۆی کەمئاوی و خراپی دۆخەکەوە، بەشێکیان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە.

عەلی عەباس، نوێنەری دەستەی ئاوی سەرزەویی عێراق دەڵێت: "دەستەی باڵای ئاوی سەرزەوی دەستی بە لێدانی بیر کردووە، لە پارێزگاکانی بەسڕە و زیقار، تەنها لە ساڵی 2023  و2024 دا نزیکەی 100 بیرمان لێ داوە، لە ساڵی 2024 لەم سنوورە، 30 بیرمان لێ داوە."

گوندەکانی سنووری پارێزگای زیقار ساڵانێکە کێشەی کەم ئاوییان هەیە، ئەمەش بەهۆی کەمیی بارانبارین و کەم بەردانەوەی ئاوی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە. هاووڵاتیانیش قوربانی سەرەکی ئەم دۆخەن، چونکە حکوومەت پلانێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کەم ئاوی نەبووە.