ژینگەپارێزێکی ڕانیە 640 گونیە زبل و پاشماوەی گەشتیارانی کۆکردووەتەوە

چالاکوانێکی ژینگە پارێزی خۆبەخش لە شارۆچکەی ڕانیە ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، لە هەڵمەتێکی خاوێنکردنەوەی دارستانی شارۆچکەکەی حەوت تۆن پاشماوەی شووشە و پلاستیکی گەشتیارانی کۆکردووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سۆران دڵپاک چالاکوانی ژینگە پارێز گوتی: بە خۆبەخشی کارەکانم کردووە و دەمەوێت جلەکانم بکەمە هێمایەک بۆ هەموو کوردستان.

ئەو ژینگە پارێزە باسی لەوەشکرد، کاری خۆبەخشی کارێکی پیرۆزە، بەتایبەتی لە بواری ژینگەدا، چونکە پاک و خاوێنە لە ئیمانە، ئێمە ئەوەمان لەبیر چۆتەوە، بۆیە بە سەدان شوشەی شکاو و ئەو هەموو پاشماوە و گژ و گیایەی لێیە. 

سۆران دڵپاک گوتیشی: لەمە بەدوای کاری فەرمانگەی ژینگە و شارەوانیی ڕانیەیە، ئەم شوێنە پاک بکەنەوە و بە پاکیش ڕایبگرن.

 هەروەها ئاماژەیدا، کە نیازی وایە ئەو شووشانە کۆی کردوونەتەوە، جارێکی دیکە بەکاریان بێنێتەوە، لە ناو دارستانی ڕانیە پڕۆژەیەکی تایبەتی لێ دروست بکات.