زانکۆیەکی هیندستان هۆشداریی دەداتە قوتابییە عێراقی و ئێرانییەکان

چوارشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیندیا بڵاوی کردەوە، زانکۆی عەلیکرە موسلیم لە هیندستان ڕێنمایی نوێی بۆ قوتابییانی عێراق، ئێران و ئەفغانستان دەرکردووە، کە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە قسە لەسەر ڕووداوە ناوخۆییەکان و نێودەوڵەتییەکان بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، زانکۆکە داوای لە قوتابییانی ئەو سێ وڵاتە کردووە، پێش جێهێشتنی شارەکە مۆڵەتی پێشوەختە وەربگرن، هەروەها دەبێت ئیدارەی زانکۆ ئاگەداری جولەکانیان بێت.
ڕۆژنامەکە لە زاری پرۆفیسۆر سەید عەلی نەواز زەیدی، سەرپەرشتیاری گشتی زانکۆکە، بڵاویکردووەتەوە، زانکۆکە کۆبوونەوە لەگەڵ قوتابیانی هەرسێ وڵات دەکات، بۆ ڕوونکردنەوە و پێدانی ئەو ڕێنماییانە.
زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێنمایی دەدرێتە قوتابییان سەبارەت بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە دەبێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەلە بکەن و لە دەرئەنجامەکانی هەڵسوکەوتی نادروستی ئەلیکترۆنیش ئەگەدار دەکرێنەوە، هەروەها هۆشدارییان پێدەدرێت لە پێویستی خۆبەدوورگرتن لە هەر چالاکیەک کە ڕەنگە کەسانی دیکە توڕە بکات.
سەرپەرشتیاری گشتی زانکۆکە گوتیشی، "هەر سەرپێچییەک لەم ڕێنماییانە دەبێتە هۆی ڕێکاری تەمبێکردن، و بەم زووانە دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەم ڕێنماییانە لەگەڵ قوتابیانی وڵاتانی دیکە."
قوتابیەک بەناوی ئەخیل کوشال دەڵێت: "ئەم بڕیارە دوای ناڕەزایەتییەکان دێت کە لەلایەن قوتابیانی هیندۆسی لە زانکۆکەدا لەئەنجامی قسەی سێ قوتابی بەنگلادیشی ڕێکخرابوو."
زانکۆ بڕیاری دەرکردنی دوو لەو قوتابیانەی دابوو و نامەیەکی هۆشداریشی بە قوتابی سێیەم داوە، هاوکات 176 قوتابی لە 26 ولاتی جیاوازەوە لەو زانکۆیە دەخوێنن.